سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی دیمەشق کرا

" هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین"

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "لە کۆبوونەوەکەیەکی دۆستانەدا، دۆخی گشتیی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا."

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "وەزیری دەرەوەی سووریا، کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی نوێی سووریا و هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیریی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خستەڕوو."

وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەدا "کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان و دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت."

ئەوەش خراوەتە ڕوو "وەزیری دەرەوەی سووریا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی دیمەشق کرد و گوتی هیوادارین کە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین."

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە "پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی سووریا بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو پشتگیریی و هاوکارییەکی پێویست بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد."

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا بەرز نرخێنرا.