ترەمپ: داوا لە سعوودیە دەکەم وەبەرهێنان لە ئەمەریکا بگەیەننە ترلیۆنێک دۆلار

دۆناڵد ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ، کە 20ـی کانوونی دووەمی 2025 بۆ جاری دووەم بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داندرایەوە و سوێندی خوارد.

پێنجشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چوارەم ڕۆژی کۆڕبەندی ئابووری جیهان بە ڤیدیۆ کۆنفرانس گوتی: زۆرترین باج لەسەر کرێکاران و هاووڵاتییان کەم دەکەینەوە، بەڵێنی من بۆ جیهان زۆر سادەیە، لە ئەمەریکا بەرهەمەکان بکڕن، ئێمەش باج  زۆر کەم دەکەینەوە، لەژێر ئیدارەی ترەمپ هیچ شوێنێکی باشتر نابێت بۆ دروستکردنی کار، پیشەسازیی و کارگە.

دۆناڵد ترەمپ گوتی: ڕێوشوێنی خێرام گرتووەتە بەر بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ڕێگەیەی بایدن گرتبوویە بەر، کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی جیهان، هەموو جیهان ئاشتی بەخۆیەوە دەبینێت و نرخی نەوت کەم دەکەینەوە.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، سعوودیە بەنیازە 600 ملیار  دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکا بکات، گوتی: شانشینی سعوودیە کەسێکی زۆر باشە، داوای لێدەکەم وەبەرهێنان بگەینێتە ترلیۆنێک دۆلار لە ئەمریکا، داوای لە سعوودیە و ئۆپێکیش کرد نرخی نەوت کەم بکەنەوە، گوتی: پێویستە ئەو کارە بکەن، ئەگەر نرخی نەوت کەم بکرێتەوە، کۆتایی بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دێت، دەبوو زۆر زووتر ئەو کارە بکەن بۆ ئەوەی جەنگەکە بووەستێت.

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ئابووری ئەمەریکا خەریکە دەبووژێتەوە و زۆرترین بڕی نەوت و گازمان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئایندەیەکی زۆر مەزن لەژێر سەرکردایەتی ترەمپ بەدی دێت، ئەم هەفتەیە کارێکی خێرا دەکەم بۆ ئەوەی کۆتایی بە داگیرکاری لە باشووری سنوورەکەمان بێنین، بڕیارمداوە باری لەناکاو لە وڵات ڕابگەیەنم و کۆتایی بە هاتنی لێشاوی کۆچبەران بهێنم، ئەو کۆچبەرانەی داگیر کەرن پیویستە بگەڕێندرێنەوە ئەو شوێنەی لێوەی هاتوون، گاردی نیشتمانی لە سنوورەکان چالاک کراون و جێگیر دەکرێن.