هۆشدارییەک لە تەندروستیی سلێمانییەوە: لە 10 کاتژمێردا 10 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

 

K24 - سلێمانی

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی هۆشداری، دەداتە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەی، دەشڵێ ئامارەکانی کۆرۆنا ئاماژەیەکی مەترسیدارمان پێدەڵێن بۆ رۆژانی داهاتوو.

لە هۆشدارییەکەیدا عەبدوڵڵا ئەحمەد دەڵێ "رۆژانی داهاتوو ئامارەکانی گیانلەدەستان بە کۆرۆنا بەرزتر دەبنەوە، ئەگەر خۆتان نەپارێزن. لە کاتژمێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تاوەکو ئێستا 10 کەس لە سلێمانی بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانان لەدەستداوە".

جەختیش دەکاتەوە لەوەی "ئەگەر ئاستی جێبەجێکردنی خۆپارێزییەکان بەرزنەکرێنەوە، بەدڵنیایەوە ئامارەکانی گیانلەدەستدان رۆژانە بەرزتر دەبنەوە".

بەگوتەی د. عەبدوڵڵا ئەو 10 کەسەی گیانیان لەدەستداوە، خەڵکی سلێمانی، سەیدسادق، پێنجوێن، سەنگاو و عەربەتن.

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی تکا لە خەڵکی پارێزگای سلێمانی دەکات "با چوونەدەرە و تێکەڵیتان لەگەڵ خەڵکی دیکە بە پێی رێنماییە خۆپارێزییەکان بێت. دەستکێش و دەمامک ئاسانتر دەستدەکەون لە پلازمای خوێن".

 

هـ.ر.