سێ تووشبووی کۆرۆنا لە گەرمیان گیانیان لەدەستدا

ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكردیشیان بۆ دانراوه‌

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌م، 25/6/2020، سێ تووشبووی دیكه‌ی پەتای کۆرۆنا لە گەرمیان گیانیان لەدەستدا کە دووانیان ژن و ئەوەی دیکەش پیاوێکە.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی گەرمییان رایگەیاند سەرەڕای بەستنی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، بەهۆی کاریگەریی نەخۆشییەکەیان، تووشبووه‌كان گیانیان لەدەستداوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

3 نەخۆشی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

ئەمڕۆ 3 نەخۆشی کۆرۆنا لە گەرمیان گیانیان لەدەستدا، سەرباری چارەسەری پێویست و بەستنی ئامێری ھەناسەدانی دەستکرد.

دوو نەخۆشەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا، لە رەگەزی مێن و تەمەنیان سەرووی 60 ساڵە، پاش چارەسەر و بەستنی ئامێری ھەناسەدانی دەستکردیش، بەڵام بە کاریگەریی سەختی نەخۆشییەکەیان گیانیان لە دەستدا.

نەخۆشێکی دیکە لە رەگەزی نێر، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا، سەرباری بەستنی ئامێری ھەناسەدانی دەستکرد بۆی.

تەندروستی گەرمیان ھاوخەمی خێزانی ئەو سێ ھاووڵاتییە کۆچکردووەیە، داواش لە ھاووڵاتییان دەکات کە پابەندی رێنماییەکان بن و مەترسییەکان بەھەند وەربگرن و بەتایبەتیش پابەندی خۆپارێزیی و رێنماییە نوێکانی ژوری ئٔۆپراسیۆنەکانی ئیدارەی گەرمیان بن.