ڕێباز حەملان: کارەکان بە زوویی جێبەجێ بکەن

ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت: تیمە تەکنیکییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕۆژانە تا شەوی درەنگ بەردەوام کاردەکەن، هەموو داواکاری و تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەخەنە بەردەم نوێنەرانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ وردبینی و پەسەندکردنی.

شەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، سەردانی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کردووە کە بە هاوبەشی لەگەڵ تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم و یەکەی ژمێریاری وەزارەتەکان و خانەنشینی سەربازی و مەدەنی ئامادەکاری لیستی مووچەی مانگی یەک و ئامادەکاری ڕێکخستنی لیستی مووچەی خانەنشینان دەکەن بە پێی یاسای هاوتاکراوی بەرکار .

ڕێباز حەملان ئاماژە بەوە دەکات، ستایشی هەمووانیان کردووە و  پشتیوانیان بۆ دووپاتکردوونەتەوە بۆ ئەوەی کارەکان بەزوویی جێبەجێ بکەن، دەشڵێت: تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شاندی باڵای هەرێم بگەڕێنەوە بەغدا و میکانیزمی کارکردن و خەرجکردنی مووچە بۆ ساڵی 2025 بچێتە بواری جێبەجێکردن.

بریکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەڵێت: حکوومەتی هەرێم پابەندییەکانی لەسەریەتی جێبەجێیدەکات لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و بەدەستهێنانی مافە داراییەکانی هەرێم بە پێی یاسای بودجەی 2025 و ئەو پارەیەی بۆی دیاریکراوە.