ترەمپ: گرینلاند بە دەست دەهێنین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بە زۆر گرینلاند بە دەست دەهێنێت کە ئێستە بە شێکە لە شانشینی دانیمارک.
کۆشکی سپی لە زاری ترەمپەوە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "دەتوانین کێشەی گرینلاند چارە بکەین، گەلی گرینلاند کە 55 هەزار کەسن، دەیانەوێت لەگەڵمان بن، ئێمە گریلاند بە دەست دەهێنین، بەڵام ناشزانین لە بەرامبەردا دانیمارک داوای چی دەکات."
ترەمپ ئاماژە بەوەش کردووە کە مەبەستییان داگیرکردنی گرینلاند نییە، بەڵکو خواستی "پاراستنی جیهانی ئازاد"ە.
دەشڵێت: "گرینلاند بە دەست دەهێنین، چونکە ئەمە پەیوەندی بە ئازادیی جیهانەوە هەیە، دەتوانین گەرەنتی ئازادی بکەین."
ترەمپ گوتیشی: "دانیمارک ناتوانێت ئەو دوورگەیە بپارێزێت، بە چەند سەگ و فڕۆکەیەک پێی وایە گرینلاند دەپارێزێت."
لەلایەکی دیکەوە ترەمپ باسی لەوەش کرد، کەنەدا بە تەواوی وابەستەی ئەمەریکایە و بەستراوەتەوە بە ئەمەریکاوە، هەر بۆیە ناتوانێت دەوڵەتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەر بێت.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "ساڵانە 250 ملیار دۆلار بەهۆی کەنەداوە لە دەست دەدەین، ئەگەر یەک ڕۆژ ئەو کارەمان ڕابگرین، کەنەدا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ نامێنێت."
ترەمپ ئەوەشی خستە ڕوو کە "کەنەدا ساڵانێکی زۆرە سوودی لە ئەمەریکا وەرگرتووە بۆ بەرژەوەندی خۆی."
ڕاشیگەیاند "ڕێگە نادەین ئەم کارە بەردەوام بێت، بەبێ پشتیوانیی ئێمە کەنەدا بوونی نابێت."
ترەمپ پێشتر بە ئاشکرا باسی بیرۆکەی کەنەدای کردبوو کە ببێتە بەشێک لە ئەمەریکا، بەڵام بەردەوام لەلایەن کەنەداوە ڕەت کراوەتەوە، کە جەختی لەسەر سەربەخۆیی و ناسنامەی نەتەوەیی وڵاتەکەی کردووەتەوە.