دژە تیرۆر و حەشدی شەعبی لە بەغدا رووبەڕووی یەکتر بوونەوە

داواین زانیاری لەبارەی گرژییەکانی بەغدا

K24- بەغدا:

بەرە بەیانی ئەمڕۆ، دژە تیرۆر و هەواڵگیریی عێراق، هەڵیانکووتایە سەر بارەگای سەرەکی کاتئیب حزبوڵڵا و دەیان کەسی لێ دەستگیر کردن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، 23 ئەندامی ئەو گروپە میلیشیایەی سەر بە حەشدی شەعبی و سێ سەرکردەیان دەستگیر کراون.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، یەکێک لەو سەرکردانەی دەستگیرکراوە، ئێرانییە.

لە بەرامبەردا، هێزێکی تایبەتی ئەبو ئەبووفداک محمەداوی، سەرکردەی کاتئیب حزبوڵڵا، بە 300 چەکدارەوە، هێرشیانکردەوە سەر بارەگایەکی دژە تیرۆر و دەستیان بەسەردا گرتووە.

لە شەقامەکانی بەغدا ئاڵۆزی زۆر هەیە و گروپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، بە تەقەکردن و مانۆڕی ئۆتۆمبێلەکان بە شەقامەکان دەسووڕێنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بەهۆی ئەوە مەترسی جەنگ هەبووە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لێبوردنی لە گروپەکەی حەشدی شەعبی کردووە و ئەندامەکانی ئازادکردوون.

کاتئیب حزبوڵڵا یەکێکە لەو گروپە میلیشیایانەی سەر بە حەشدی شەعبی کە ئەمەریکا بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەی تۆمەتباری دەکات.