هاندەرانی یانەی سەیدسادق هاواریان لێ هەستاوە و داوای گۆڕانكاری دەكەن

سەرۆكی یانەی سەیدسادق: ئەوانەی بەڵێنی هاوكارییان پێداین راستگۆ نەبوون

یانەی سەیدسادق
یانەی سەیدسادق

یانەی سەیدسادق بە دۆخێكی ئێجگار خراپ تێپەڕ دەبێت و هاندەرانیان هاواریان لێ هەستاوە و لە رێگەی كوردستان24ـەوە داوا دەكەن گۆڕانكاری ریشەیی لە سەرۆك و دەستەی كارگێری یانەكە بكرێت، لە بەرامبەردا سەرۆكی یانەكەش رایدەگەیەنێت ئەوانەی بەڵێنی هاوكاریان پێدا راستگۆ نەبوون.
یانەی سەیدسادق ئەم وەرزە لە خولی نایابی كوردستان چوار راهێنەریان گۆڕیوە و لە كۆی 14 یاری، هیچ سەركەوتنێكی بەدەستنەهێناوە و لە ریزبەندی كۆتایی خولەكە دێت، ئەمەش وایكردووە كارگێری ئەو یانەیە هەڕەشەی كشانەوە لە خولەكە بدەن و دەشڵێن: ئەگەر تا ئەمشەو كێشە داراییەكانمان بۆ چارەسەر نەكەن لە خولی نایابی كوردستان دەكشێینەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە دەستەی "هاندەرانی خەمخۆر و ناڕازی لە سەیدسادق" لە رێگەی كوردستان24ـەوە داوا دەكەن گۆڕانكاری لە ئیدارەی یانەی سەیدسادق بكرێت و جەخت لەوەش دەكەنەوە ئەوانەی ئێستا یانەكە بەڕێوە دەبەن هۆكارن بۆ ئەوەی كە یانەكە بەرەو خراپی رۆیشتووە، دەشڵێن: زۆر كەس و لایەن دەستپێشخەری كردووە بۆ ئەوەی ببنە سپۆنسەری دارایی یانەی سەیدسادق، بەڵام ئەوان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان هاوكارییەكان ڕەتدەكەنەوە و كورسییەكانیشیان چۆل ناكەن.
لە لایەكی دیكەیشەوە، تەییب حاجی رەشید سەرۆكی یانەی سەیدسادق لە رێگەی كوردستان24ـەوە ڕەتی دەكاتەوە هیچ لایەك و كەسێك دەستپێشخەری بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی یانەكەی كرد بێت، دەشڵێت: هەركەسێك ئامادەیە هاوكاریمان بكات با ئەمشەو بێت و من شوێنەكەی خۆمی بۆ چۆل دەكەم.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی یانەی سەیدسادق رایگەیاند پێش دەستپێكی خولەكە بە چەند رۆژێك ئاگاداریان كردمەوە كە بەشداریی خولەكە بكەم و بەڵێنی پاڵپشتی داراییشمان وەرگرت، بەس بەداخەوە تا ئێستا یەك دیناریان پێنەداوین.
تەییب حاجی رەشید گوتیشی: هیچ سەرمایەدار و دەوڵەمەندێكی سنوورەكەش وەكو پێویست دەستی هاوكاری بۆ درێژ نەكردووین، تەنانەت یەكێك لە سەرمایەدارەكانی سنوورەكەمان 750 هەزار دیناری لای ئێمەیە هەموو رۆژێك پەیوەندی دەكات و داوای پارەكەی دەكاتەوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەرۆكی یانەی سەیدسادق هێما بۆ ئەوە دەكات بڕیاریی كۆتاییان داوە ئەگەر تا ئەمشەو هاوكاری نەكرێن و بەیانی بە فەرمی كشانەوەیان خۆمان لە خولی نایابی كوردستان رادەگەیەنین.
یانه‌ى وه‌رزشى سه‌یدسادق له‌ساڵى 1998دا له‌سه‌ر ده‌ستى ژماره‌یه‌ك وه‌رزشكار دامه‌زراوه‌و له‌سه‌ره‌تادا وه‌ك بنكه‌ مۆڵه‌تى فه‌رمى له‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و حكومه‌تى هه‌رێمى ئه‌وكاتى سنورى سلێمانى و لیژنه‌ى ئۆڵۆمپى وه‌رگرتوه‌ و ته‌نها به‌شى تۆپى پێ و باله‌ى هه‌بووه‌.
دواتر به‌شدارى خوله‌كانى كردوه‌و قۆناغ  به‌قۆناغ تا ساڵى 2004 گه‌یشتوه‌ته‌ خولى نایاب، به‌ڵام به‌هۆى چه‌ند گرفتێكه‌وه‌ به‌شدارى خولى نه‌كردووه ‌و دابه‌زێنراوه‌ته‌وه‌ بۆ خولى پله‌ سێیەكان تاوه‌كو ساڵى 2011.
پاشان لە وەرزی 2020 ـ 2021 بووە پاڵەوانی خولی پلە یەكەكان و راستەوخۆ بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوتن، لە وەرزی 2021 ـ 2022 پلەی سێیەمی خولەكەیان بەدەستهێناوە و لە وەرزەكانی دواتریش هیچ كاتێكیش لە پلەی حەوتەم دانەبەزیون، بەڵام ئەم وەرزە بۆ یەكەمجارە لە پلەكانی خوارەوەی ریزبەندی جێماون.