کۆشکی سپی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی درێژ کردەوە

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل تا 18ـی شوبات کاری پێ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتەکانی لوبنان و ئیسرائیل و ئەمەریکا دەست بە دانوستانەکان دەکەن، سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو لوبنانیانەی کە لە دوای 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستبەسەر کرابوون.
درەنگانی شەوی دووشەممە، 30-09-2024، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی "سنووردار"ـی وشکانی بۆ سەر باشووری لوبنان دەست پێ کرد بە مەبەستی "لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی و مووشەکیی حزبوڵلای لوبنانی" و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بۆ باکووری وڵاتەکەیان.
لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە ئاگربەستی نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیل بۆ ماوەی 60 ڕۆژ چووە بواری جێبەجێ کردنەوە، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، دەبێت حزبوڵلا چەک دانێت و سوپای لوبنان تەواوی وڵات کۆنترۆڵ بکات. ئیسرائیلیش هەنگاو بە هەنگاو هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە.