سەرۆکی کۆڵۆمبیا ترەمپ بە ڕەگەزپەرستی تۆمەتبار دەکات
گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بە ڕەگەزپەرست دەزانێت، جەختیشی کردەوە بە هەموو شێوەیەک تەوقەکردن لەگەڵ "بازرگانە سپیپێستەکان" ڕەت دەکاتەوە.
پێترۆ, لە نامەیەکی درێژدا بۆ ترەمپ ڕایگەیاند، ڕوانگەی کۆڵۆمبیا چیتر بەرەو باکوور نییە، بەڵکو بەرەو هەموو وڵاتانی جیهانە.
سەرۆکی کۆڵۆمبیا گوتی: نەوتەکەی منت بەدڵ نییە؟ چونکە لە بنەڕەتەوە کەسێکی بە تەماح و ڕەگەزپەرستیت و مرۆڤ لەناو دەبەیت.
گوتیشی: ڕەنگە ڕۆژێک بێت، لەسەر خواردنەوەی هەندێک ویسکی، کە سەرەڕای هەوکردنی گەدەم دەیخۆمەوە، بتوانین قسە بکەین، بەڵام پێ دەچێت ئەمە هەرگیز ڕوو نەدات، چونکە ئێوە من بە ڕەگەزێکی دیکە دەزانن و هەرچەندە بەتەنها من نیم و بەڵکو هەموو بەهەمان شێوە دەڕوانیتە خەڵکی کۆڵۆمبیا.
پەیامەکەی پترۆ لە پاشخانی گرژی و ئاڵۆزیی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدایە، کە لایەنی ئەمەریکی هەوڵی دا کۆچبەرە نایاساییەکانی کۆڵۆمبیا بە زنجیرەوە، بە فڕۆکەی سەربازی دیپۆرت بکاتەوە بۆ وڵاتەکەیان، وەک ئەوەی پێشتر لەگەڵ بەڕازیلییەکان کردبووی.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی لەبەردەستدان، کۆڵۆمبیا ڕەتی کردووەتەوە ئەو دوو فڕۆکە ئەمەریکییە وەربگرێت، دواتر پێترۆ سەرۆکی کۆلۆمبیا فڕۆکەی سەرۆکایەتییەکەی بۆ گواستنەوەی ئەو کۆچبەرانە تەرخان کردووە بۆ گەڕاندنەوەیان.
لای خۆیەوە ترەمپ هاتنە ناوەوەی بەرپرسانی کۆڵۆمبیای بۆ ئەمریکا قەدەغە کرد و سنووردارکردنی ڤیزەی بەسەر ئەندامانی خێزانەکانیان و هاوکارە نزیکەکانی دیکەدا سەپاند و پشکنینی بەرفراوانی بۆ هەموو هاووڵاتیانی کۆڵۆمبیا لە سنووری ئەمەریکادا سەپاند .
هەروەها هەردوو وڵات سزایان بەسەر هەناردەکردنی یەکتردا سەپاندووە.
دوێنێ یەکشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، ژمارەیەک سزای دارایی و بانکیی بە پەلەی بەسەر کۆڵۆمبیادا سەپاند و گوتی: کۆڵۆمبیا ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکای خستووەتە مەترسییەوە.
هەروەها ترەمپ باجی گومرگی بە ڕێژەی 25% لەسەر هەموو ئەو کاڵا کۆڵۆمبییانە سەپاند کە دێنە نێو ئەمەریکا.