خاوەن سەمونخانەیەک لەسەر کوشتنی هاوپیشەیەکی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو
سەرچاوەیەکی دادوەری ڕایگەیاند، لە پارێزگای واست، سزای لەسێدارەدان بەسەر خاوەن سەموونخانەیەکدا سەپێندرا، کە شەش مانگ پێش ئێستا خاوەنی سەموونخانەیەکی تری کوشتبوو.
دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەو سەرچاوە دادوەرییە بە میدیاکانی ناوخۆی ڕاگەیاند "دادگای تاوانەکانی واست، لە شاری کوت، سزای لەسێدارەدانی بەسەر خاوەنی سەموونخانەیەکدا سەپاند، ئەمەش دوای ئەوە بووە کە دانی ناوە بە کوشتنی خاوەن سەموونخانەیەکی دیکە لە هەمان ناوچە."
سەرچاوەکە دەڵێت: ڕووداوەکە بۆ مانگی ئابی ساڵی 2024، دەگەڕێتەوە، کە لە ناوچەی ئەلشوهەدا لە سەنتەری شاری کوت، لە ئەنجامی شەڕی نێوان خاوەن سەموونخانەکان، دوو کەس کوژران و سێ کەسی دیکە بریندار بوون. گوتیشی: ڕووداوەکە لەسەر ئەوە بووە یەکێک لە خاوەن سەموونخانەکان، 10 سەموونی بە هەزار دینار فرۆشتووە، بەڵام یەکێکی تر هەشت سەموونی بە هەزار دینار فرۆشتووە!