وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و شای ئوردن تاوتوێی بارودۆخی ناوچەکە دەکەن

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن لەگەڵ شا عەبدوڵلای دووەم، شای ئوردن گفتوگۆی کرد.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە، ڕوبیۆ لەگەڵ شا عەبدوڵڵا تاوتوێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە و ڕەخساندنی ڕێگایەک بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردووە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە "روبیۆ، سوپاسی ئوردنی کرد لەوەی بە پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی لە ڕێگەی ڕێڕەوی ئوردنەوە، پشتگیریی لە ئاگربەستەکە کردووە."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پابەندبوونی ئەمەریکای بۆ قووڵکردنەوەی هاوبەشیی بەهێزی دوو قۆڵیی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 75 ساڵ لەمەوبەر، لەسەر بنەمای ئامانجە هاوبەشەکانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
هەروەها باسیان له پێشهاتەکانی سووریا کرد و بایەخی "به کارنەهێنانی سووریا وەک بنکەیەک بۆ تیرۆر، یان بوونە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، دووپات کردەوە."
ئەم پەیوەندییە دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا پێشنیازی کرد، ئوردن و میسر هاووڵاتیی زیاتری فەڵەستین کەرتی غەززەوە وەربگرن.