"یەپەگە دان بە هەڵەی خۆیدا دەنێت لە کۆمەڵکوژی عاموودێ"

لە خۆپیشاندانیکدا لە ساڵی 2013، شەش گەنجی کورد شەهیدکران

K24 - هەولێر

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) و گوتەبێژی یەپەگە لەگەڵ كەسوكاری قوربانییانی كۆمەڵكوژیی 2013ـی عاموودێ كۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا یەپەگە دانی بە "هەڵەی خۆیدانا لە کۆمەڵکوژیی عاموودێ".

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ھەسەدە و كۆمیتەی لێكتێگەیشتن بە ئامادەبوونی ژمارەیەك فەرماندەی یەپەگە، لەگەڵ كەسوكاری قوربانییانی كۆمەڵكوژییەكەی ساڵی 2013ـی عاموودێ كۆبوونەوە. مەزڵووم عەبدی لە توویتێکدا رایگەیاند، تەواوی داواکارییەکانی كەسوكاری قوربانییانیان قبووڵ كردووە و كار لەسەر چارەسەركردنی كەموكورتییەكان دەكەن.

عەبدولقادر وەتێ، ئەندامی کۆمیتەی لێکتێگەیشتن کە لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوو، بە کوردستان24ـی راگەیاند "یەپەگە دانی بەوەدانا ئەوان هەڵەیان بەرامبەر خۆپیشاندەرەکان کردووە، بۆیە بە ماددی و مەعنەوی قەرەبوویان دەکەنەوە".

لە 27ـی حوزەیرانی 2013 ئاسایشی شاری عاموودێ رووبەڕووی خۆپیشاندانیك لەو شارە بووەوە و، دەستڕێژی گوللـەی لە خۆپیشاندەران كرد، لە ئەنجامدا شەش گەنجی کورد شەهید بوون و زیاتر لە 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

هـ.ر.