مەزڵووم عەبدی: لەگەڵ هێزە کوردییەکان بە یەک شاند دەچینە دیمەشق

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت دەکاتەوە، ئامانج لە سەردانەکەیان بۆ لای سەرۆک بارزانی، یەکخستنی هەڵوێستی کورد بوو. دووپاتیشی دەکاتەوە، تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ناهێڵن سووریا سەقامگیر بێت.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هێرشەکانی تورکیا و میلیشیاکانی نزیک لەو وڵاتە، خەونی بەدیهێنانی سووریایەکی سەقامگیر لە داهاتوودا لەبار دەبات."

عەبدی بە جەختکردنەوە لەوەی، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕێگە بە میلیشیاکانی نزیک لە تورکیا نادەن بپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی فورات؛ ئاماژەی بەوەش دا، گفتگۆکانیان لەگەڵ دەستەی تەحریر شام بەردەوامە، بەڵام گوشارکردن بۆ ڕاوەستانی هێرشەکانی تورکیا، یەکەمین هەنگاوە بە ئاڕاستەی سووریایەکی ئارام.

سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ مەزڵووم عەبدی گوتی "ئامانج لە سەردانەکەیان بۆ هەولێر یەکخستنی هەڵوێستی کورد بوو، بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ هێز و لایەنە کوردییەکان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بەیەک تیم سەردانی دیمەشق بکەن."