ئه‌وانه‌ی به‌رامبه‌ر قه‌رزی به‌غدا بێده‌نگن لەدژی بچووكترین قه‌رزی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌وه‌ستنه‌وه‌

په‌رله‌مانتارێك: ئەو لایەنانە جگە لە موزایدە هیچی دیکەیان پێ نیە

K24- هه‌ولێر:

لەسەر ئەو قەرزانەی کە حکومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی مووچە دەیکات، هیچ لایەنێکی سیاسی هەرێمی کوردستان هه‌ڵوێست و لێدوانێکیان دژی ئەو کارەی حکومەتی عێراق نەبوو تەنانەت بێدەنگیان هەڵبژارد، به‌ڵام دژی بچوکترین قەرزی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەستانەوە و چەندین موزایدەی سیاسیان بەسەرەوە کرد.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئیدریس ئیسماعیل، پەرلەمانتاری پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەیان دەڵێت: ئەوان تەنیا فێرن بە موزایدەی سیاسی و پلاندانان دژی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هاوكات محه‌مه‌د سه‌عده‌دین، بریاردەری لیژنەی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێت: ئەو لایەنانە جگە لە موزایدە هیچی دیکەیان پێ نیە، هۆکارێکی دیکەی ئەو موزایدەکردنەیان بۆ نەشارەزایيان لە بەرێوەبەردنی وڵاتدا ده‌گه‌رێته‌وه‌.

كاتێك حكومه‌تی کوردستان توشی قەیرانی دارایی دەبێـت حکومه‌تی عێراق وەك فشارێکی سیاسی  بودجەکەی دەبڕێت، ئەمە لەکاتێدایە، داهاتی ساڵانەی عێراق  سەروی 90 ترلیۆن دینار بووە، به‌ڵام بۆ دابەشکردنی مووچە قەرز دەکات، لە بەرامبەر ئەم قەرزکردنە لایەنە سیاسیەکان بۆ عێراق بێدەنگن، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان دژن و موزایدەی سیاسی بەسەرەوە دەکەن، به‌رده‌وامیش رووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌بنه‌وه‌، بۆچی به‌رامبه‌ر ئه‌و لێشاوه‌ گه‌نده‌ڵییه‌ی عێراق بێده‌نگن و ته‌نیا جارێكیش به‌رامبه‌ر بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان نه‌هاتوونه‌ته‌ ده‌نگ.

H.B