بەکارهێنەرێکی ماددەی هۆشبەر چیرۆکی ئاڵوودەبوونی دەگێڕێتەوە
K24 - هەولێر
کوردستان ٢٤ بهكارهێنهرێكی ماددەی ھۆشبەر دەدوێنێت، کە لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی كوردستان دەستگیرکراوە. دەڵێ "هاوڕێی خراپ فێریان کردم و پەشیمانم".
ئەو گەنجە، لەسەر بەکارھێنانی ماددەی هۆشبەر دوای ساڵێک لە ئاڵودەبوونی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی بەرێوەبەرایەتیی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکانی سەر بە دەزگای ئاسایشی ھەرێمی كوردستان دەستگیرکراوە.
گەنجەکە بە قۆڵبەستکراوی قسە بۆ پەیامنێری کوردستان24 دەکات و باس لەوە دەکات: "چوار مانگە دەستگیرکراوم و لەڕیگەی هاوڕێکانمەوە فێری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوو، یەکەمجار کریستاڵم بەکارهێنا و زۆر پەشیمانم".
بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر رێگای جۆراوجۆری سەیر و سەمەرە، بۆ دەربازکردنی ماددەی ھۆشبەر بەکاردەھێنن، بەڵام چاوکراوەیی دەزگا ئەمنییەکان رێگر بووە، بازرگانان بگەنە مەرامەکانیان و دەستگیرکراون.
بەگوتەی دەزگا ئەمنییەکان و ئەو پەرلەمانتارانەی کار لەسەر دۆسیەی ماددە ھۆشبەرەکان دەکەن، وڵاتانی دراوسێی کوردستان، ھۆکاربوون بۆ ئەوەی بەکارھێنان و بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەر لە ھەرێمی کوردستان زیاد ببێت.
٢٦ـی حوزەیرانی ھەموو ساڵێک لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەکو رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان دیاریکراوە، لە هەرێمی کوردستانیش ساڵ بە ساڵ ئاماری ئاڵوودەبووان و بازرگانیکردن بەو ماددەیە مەترسیدارتر دەبێت.
تەنیا لە ماوەی ٦ مانگدا لە ھەرێمی کوردستان، بەھۆی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر، ٥٨٦ تۆمەتبار دەستگیرکراون، ٢٩٢ تۆمەتبار سزادراون و ٢٩٤ تۆمەتباریش لەژێر لێکۆڵینەوەدان، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ٤٥٨ کیلۆگرام و ٥٥٢ گرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆری جیاواز.