ژمارەیەك تووشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی باری تەندروستیان ناجێگیرە
زۆربەی ھاووڵاتییان روو لە كلینكی پشكنین دەكەن
K24 - سلێمانی
ژمارەی ھەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی لە ھەڵكشانە و 35 تووشبووی ڤایرۆسەكەش باری تەندروستیان ناجێگیرە.
ئارام بەختیار، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی باری تەندروستی 35 تووشبووی كۆرۆنا ناجێگیرە و پێویستیان بە ئامێری ھەناسەدانی دەستكرد ھەیە".
ئاماژەی بەوەشكرد: "رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتییانی دانیشتووی سلێمانی بۆ پشكنین روو لە كلینكی عەلی ناجی دەكەن، كە ئەو كلینكە تایبەتە بە پشكنینی كۆرۆنا، بەھۆی قەرەباڵغییەوە تەنھا پشكنین بۆ ئەوانە دەكرێت كە نیشانەیان ھەیە یان بەركەوتەی تووشبووانن".
پەیامنێرمان روونیكردەوە: "رۆژانە لە سلێمانی پشكنین بۆ زیاتر لە پێنج ھەزار كەس دەكرێت و ئەنجامەكان رادەگەیەندرێت".
باسی لەوەشكرد: "یەكێك لە كێشەكانی تەندروستی بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا پلازمایە". پێشتر چەندین جار بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی داوای لەو كەسانە كردووە كە چاكبوونەتەوە بۆ پێدانی پلازما ھاوكارییان بكەن.