قەییوم لە جێگەی هاوسەرۆکی شارەوانیی سێرت دانرا

سۆفیا ئالاغاش
سۆفیا ئالاغاش

سزای بەندکردن بۆ هاوسەرۆکی شارەوانیی سێرتی باکووری کوردستان دەرچوو و قەییوم لە جێگەی دانرا. 

دوێنێ سێشەممە، 28-01-2025، دانیشتنی تایبەت بە دۆسیەی سۆفیا ئالاغاش، هاوسەرۆکی شارەوانیی سێرتی باکووری کوردستان؛ لە پێنجەمین دادگای تاوانەکانی دیاربەکر بەڕێوە چوو.

 لەو دانیشتنەدا ئالاغاش بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە پەکەکە" تاوانبار کرا و دواجار لە حەوتەمین دانیشتنی دادگا سزای بەندکردنی شەش ساڵ و 3 مانگی بەسەردا سەپێندرا.

دوای سەپاندنی سزاکە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، کەمال کزلکایا وەکوو قەییوم لە شوێنی هاوسەرۆکی شارەوانیی سێرت داندراوە.  

 سۆفیا ئالاغاش، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ڕابردوو کاندیدی دەم پارتی بوو و  لە دوای هەڵبژاردنەکانی 31ی ئادارەوە، قەیوم بۆ هەشت شارەوانی دەم پارتی دانراون، کە بریتین لە هەکاری، ماردین، باتمان، دێرسیم، خەلفەتی، ئاکدەنیز، باخچەسەرای و دوایینیشیان سێرت بوو.