حکوومەتی عێراق، هەرێمی کوردستانی لە دروستکردنی سایلۆی نوێ بێبەش کردووە
حکوومەتی فیدراڵی گرێبەستی بۆ دروستکردنی ژمارەیەک سایلۆی نوێ کردووە، بەڵام هیچیان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دروست ناکرێن.
چوارشەممە، 29-01-2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای سویسری و میسری ئیمزا کردووە بە مەبەستی دروستکردنی پێنج سایلۆی نوێ.
وەکوو ئەوەی نەوزاد شێخ کامیل باسی کرد، هەر پێنج سایلۆ نوێیەکە لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دروست دەکرێن و هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی سایلۆ نوێیەکاندا؛ بێبەش کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد "پێش ئەوەی گرێبەستەکان بکرێن، داوامان لە حکوومەتی عێراق کردبوو، پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی سایلۆ نوێیەکاندا نەخۆرێت، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی بەبێ ئەوەی پرسیش بە ئێمە بکات، گرێبەستەکانی کرد؛ تەنانەت ئامادە نەبوو سایلۆکانیشمان بۆ نووژەن بکاتەوە."
نەوزاد شێخ کامیل دووپاتی کردەوە "بێبەشکردنی پارێزگاکانمان لە دروستکردنی سایلۆی نوێ، لە چوارچێوەی سیاسەتی بەرپرسانی بەغدایە بۆ دژایەتییکردنی هەرێمی کوردستان، ئەگەر نا بەگوێرەی دەستوور، دەبێت ژمارەیەکی ئەو سایلۆ نوێیانە لە پارێزگاکانی هەرێمیش دروست بکرێن."
ئەو بەرپرسەی وەزرەتی بازرگانی و پیشەسازی ئــەوەشی خستە ڕوو، ئێستە 11 سایلۆ لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان هەن کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراون.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی گوتیشی: "گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ، یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا کار بۆ دروستکردنی چەندین سایلۆ کراوە، ئەوەش لە پێناو بونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز لەو بوارەدا."