د. ئەسعەد بێشەیی: هەوڵدەدەین پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان خێراتر بکەین

بەرێوبەری گشتیی مۆڵەت و هەڵسەنگاندن لە دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەوڵدەدەین هەنگاوەکانی مۆڵەت پێدان کەم بکەینەوە و وەبەرهێنی ناوخۆیی و بیانیش ڕابکێشین.
چوارشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2025، د. ئەسعەد بێشەیی، بەرێوبەری گشتیی مۆڵەت و هەڵسەنگاندن لە دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ هەموو وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆبوونەوەمان کردووە، بۆ کەمکردنەوەی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنەکان، کۆبوونەوەکانیشمان ئەنجامێکی باشی هەبووە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "کۆمەڵێک وەبەرهێن ئامادەن تاکوو ئێمە گوێ لە پێشنیارەکانیان وەربگرین، تاکوو مۆڵەتیی وەبەرهێنان ڕێکبخەینەوە و هەنگاوەکانیش کەم بکەینەوە."
دەشڵێت: "بەهۆی چەند هەنگاوێکەوە وای کردبوو، مۆڵەتی وەبەرهێنان دوا بکەوێت، بەڵام ئێستە لە بەرنامەماندا هەیە هەنگاوەکان کەم بکەینەوە و لە کەمترین ماوە مۆلەت بدەین و وەبەرهێنی ناوخۆیی و بیانیش ڕابکێشین، تاکوو کاری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن."
د. ئەسعەد بێشەیی ڕاشیگەیاند، "هەنگاوەکانی پێدانی مۆڵەت، بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوی دارایی و نیودەوڵەتیی "IFC" کردوویەتی، زۆرترین هەنگاوی پێویستە."