فەرمانگەی ژینگەی هەولێر: کەمتر لە 20 ڕۆژ حەوت خاوەن مۆلیدە دراوەتە دادگا

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دەڵێت: بڵاوکردنەوەی ژمارەکانی هەر سێ هێڵی گەرمی پەیوەندی سوودی زۆریان هەبووە، ڕۆژانە هاوڵاتییان وێنە و ڤیدیۆی دووکەڵی مۆلیدە و ئۆتومبیلەکانمان بۆ دەنێرن.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای کاراکردنی هەرسێ ژمارەی پەیوەندییەکان، هاوڵاتییان بەردەوام بە ناردنی وێنە و ڤیدیۆوە ئاگادارمان دەکەنەوە، لە هەبوونی دووکەڵی مۆلیدە و ئۆتومبیلەکان کە دەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە و هەوا، لەسەر بنەمای بەڵگەکان، تیمەکانی ئێمە ڕاستەوخۆ بەدواداچوون دەکەن.
دڵشاد هیرانی گوتیشی: لە ماوەی کەمتر لە 20 ڕۆژدا، خاوەنی حەوت مۆلیدە دراوەتە دادگا و سێ خاوەن مۆلیدەی دیکەش ڕووبەڕووی سزای پێبژاردن کراونەتەوە و 50 حاڵەتی دیکەش ناچار بە چاککردنەوە کراون.
باسی لەوەشکرد، وێنەی تابلۆی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل، ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر کراون، بۆ ئەوەی پێبژاردنیان بۆ بکرێت، کە بەهۆی دەردانی دووکەڵبوونەتە مایەی پیسبوونی ژینگە؛ هەروا ئاماژەیدا، ژمارەیەک چێشتخانە و چەند هاووڵاتییەکیش بەهۆی سووتاندنی خاشاکاوە سزای ماددی دراون .
یەکشەممە، 12-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی ژینگە و هەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک، چەند بڕیارێکی لەم بارەیەوە دەکرد، هەر ڕۆژی دواتری، فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، سێ هێڵی گەرمی پەیوەندی کارا کرد، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەم ڕێگەیەوە، وێنە و ڤیدیۆیبەڵگەی پیسبوونی ژینگە بنێرن.