کەمال کەرکووکی: سەرۆک بارزانی دەیەوێت بە ئاشتییانە پرسی کورد لە هەموو شوێنێک چارە بکرێت

لێدوانی ڕۆژنامەوانیی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی
لێدوانی ڕۆژنامەوانیی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی

بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی لەبارەی چارەنووسی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، جەخت دەکاتەوە، سەرۆک بارزانی دەیەوێت بە ڕێگەی ئاشتی و دیموکراسییانە پرسی کورد لە هەموو شوێنێک چارە بکرێت. 

چوارشەممە، 29-01-2025، کەمال کەرکووکی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەولێر؛ ڕایگەیاند "سەرۆک بارزانی لەگەڵ چارەکردنی پرسی کوردە لە هەموو شوێنێک بە ڕێگەی دیموکراسی و ئاشتیی دوور لە توندوتیژی."

بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد "بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و پەیمان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان،  هەر گەلێک لەسەر خاکی خۆی، مافی ڕەوای خۆیەتی بڕیار بدات بە چ شێوازێک فەرمانڕەوایەتیی بکرێت."

کەرکووکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "سەرکردایەتییەکی حەکیممان هەیە. ئاییندەی کوردستان لە دەستی کەسێکی دووربین، سەربەرز و دڵسوزدایە و لەسەر ڕێبازی قوتابخانەی بارزانی دەڕوات.. بۆیە لە کۆتاییدا، سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردستانە."