تاقیكردنەوەی پەیمانگە حكومی و ناحكومییەكان دەست پێدەكات
رێكارە تەندروستییەكان دەگیرێنەبەر
سبەی یەكشەمە 28/6/2020، تاقیكردنەوەی قوتابیانی پەیمانگە حكومی و ناحكومییەكان لە ھەرێمی كوردستان دەست پێدەكات و ئاسانكاری بۆ ھاتووچۆی قوتابیان كراوە و رێكارە تەندروستییەكان لە ھۆڵی تاقیكردنەوەكان دەگیرێتەبەر.
عوسمان رەشید، بەڕێوەبەری گشتی پەیمانگەكان بە كوردستان24ی راگەیاند: "سبەی تاقیكردنەوەی قوتابیانی پەیمانگە حكومی و ناحكومییەكان دەست پێدەكات و 15 رۆژ دەخایەنێت".
گوتیشی: "ھەموو رێكارە تەندروستییەكان لە ھۆڵی تاقیكردنەوەكان دەگیرێتەبەر و لە ھەر ھۆڵێكی تاقیكردنەوە 6 تا 8 قوتابی تێدا دەبێت".
راشیگەیاند: "وەزارەتی پەروەردە ئاسانكاری ھاتووچۆی بۆ ھەموو ئەو قوتابیانە كردووە كە لە دەرەوەی پارێزگاكانن، یان قوتابی ھەیە دانیشتووی پارێزگایەكە و لە پارێزگایەكی دیكە قوتابییە".
بەڕێوەبەری گشتی پەیمانگاكان، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "ھەزار و 171 قوتابی لە پەیمانگە حكومییەكان و 2 ھەزار و 53 قوتابی لە پەیمانگە ناحكومییەكان بەشداری لە تاقیكردنەوەكاندا دەكەن. تاقیكردنەوەی پەیمانگەكانی بەیانیان كاتژمێر 9 و پەیمانگەكانی ئێواران كاتژمێر 3 دەست پێدەكات".
سبەی لە 30 پەیمانگەی حكومی و 40 پەیمانگەی ناحكومی ھەرێمی كوردستان تاقیكردنەوەی قوتابیان بەڕێوەدەچێت. كە ئەمساڵ بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا وادەی تاقیكردنەوەكانیان دواكەوتووە.
ھ.م