بەسرە.. خۆپیشاندەران هەڕەشەی داخستنی بیرە نەوتەکان دەکەن

هەزاران خۆپیشاندەر لە شارۆچکەی قوڕنە لە پارێزگای بەسرە خۆپیشاندانیان دەست پێ کرد.

بە بەشداریی هۆزەکانی ناوچەکانی باکووری بەسرە، ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر وەڵامنەدانەوەی حکوومەت بۆ داواکارییەکانیان دەربڕی.

حوسێن مەزراوی، نوێنەری خۆپیشاندەران گوتی: حکوومەتمان لە جێبەجێنەکردنی داواکارییەکان و گوێنەگرتن لە خەڵکی شارۆچکەی قوڕنە ئاگادارکردووەتەوە، ئەمڕۆش ئەم خۆپیشاندانە بەردەوام و فراوان دەبێت، تاوەکوو هەموو ئەو خزمەتگوزاریانەی داوامان کردووە و پێشکەشی کەسانی پەیوەندیدارمان کردووە، جێبەجێ دەکرێن.

مەزراوی گوتیشی: سەردەمی لایەنگری و پەیوەندیی نایاسایی تەواو بووە، بەرپرسانیش دەبێت بەئاگا بێنەوە پێش ئەوەی بە خۆپیشاندانەکانمان لەناویان بەرێن. ئێمە ڕایدەگەیەنین، دەرفەتی سێ ڕۆژیان پێ دەدەین و دواتر هەنگاو دەنێین بۆ داخستنی هەمووی کۆمپانیا و کێڵگە نەوتییەکان لە بەسرە.

گوتیشی: حکوومەتی عێراق تا ئیستە بێدەنگە و هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە؛ بە هێزە ئەمنییەکانمان گوتووە تا ڕۆژی یەکشممە دەرفەتمان پێتان داوە بۆ ئەوەی حکوومەت گوێمان لێ بگرێت. دووشەممەی داهاتوو بە بەشداریی هەزاران کەس  بۆ داخستنی بیرە نەوتییەکانی بەسرە خۆ پیشاندان دەکەن.

ئەو نوێنەرە گوتیشی: داوام لە خۆپیشاندەران کردووە کفن لەبەر بکەن، بەو پێیەی ڕێگاکەمان درێژە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاران، ئێمەش دروشمی خۆمان  ڕادەگەیەنین"یان ژیانێکی شەرافتەمەندانە،  یا مردن."

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment