ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە سلێمانی زیاد ده‌كات

دوو کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا

K24- سلێمانی

عەبدوڵڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە، تووشبوویەکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا و ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمڕۆ گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە حەوت کەس.

جێگری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کەسانەی ئەمڕۆ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە، تەمەنیان لە نێوان 60 بۆ 95 ساڵ بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ بە تەمەنترین تووشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی  گیانی لە دەست داوە، سەرجەم ئەو کەسانەی گیانیشیان لە دەستداوە پیاون. چەند کەسێک لەو تووشبووانەش نەخۆشی درێژخایەنیان لەگەڵ بووە.

بەیانی ئەمڕۆ، عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، لە 12 شەوەوە تاوەکو کاتژمێر 10ـی بەیانی، شەش حاڵەتی گیان لەدەستدان لە سلێمانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە.

کەمێک پێش ئێستا تووشبوویەکی دیکە گیانی لەدەستدا و ژمارەکە بۆ حەوت مردوو بەرزبووەوە.

تاوەکو ئێستا 145 کەس لە سلێمانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسانی تەندروستیش هۆشداریی دەدەن، ئەگەر هاووڵاتیان خۆیان نەپارێزن، مردن بە کۆرۆنا لە سلێمانی زۆر زیاد دەکات.