بەرەی کوردستانیی سووریا لەبارەی دانانی سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا: نایاسایی و نادەستووریی بوو
پێنجشەممە، 30-01-2025، بەرەی کوردستانیی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕێوڕەسمی دانانی ئەحمەد شەرع، وەکوو سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا بە "نایاسایی و نادەستووریی" ناو برد.
بەرەی کوردستانیی سووریا باسی لەوەش کردووە "ئامادەبوونی گرووپە چەکدارەکان لە ڕێوڕەسمەکەدا، لەنێویشیاندا (سوڵتان سلێمان شا، فیرقەی حەمزات و ئەحرار شەرقییە) کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان بەرانبەر گەلی کورد لەو ناوچانەی کۆنترۆڵی کردوون، کردووە، لە نیگەرانییەکانمان زیاتر دەکات لەوەی، ئەوەی ڕووی دا هەنگاوێک نەبوو بەرەو بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراسیی نوێ، بەڵکوو هاوشێوەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەربازی و دانانی شەرع وەکوو فەرمانڕەوایەکی سەربازی بوو."
بەرەی کوردستانیی سووریا پێی وایە "گونجاوتر دەبوو کۆنفرانسی گشتگیری دیالۆگی نیشتمانیی سووریا دەست پێ بکات و دواتر ئەنجوومەنێکی حوکمڕانیی ڕاگوزەریی گشتگیر پێک بهێنرێت، پاشان ئەم ئەنجوومەنە سەرۆکێکی کاتیی مەدەنی هەڵبژێرێت، تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنی دیموکراسی لە سەرتاسەری وڵاتدا بەڕێوە دەچێت."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو "ئەم بڕیارە پێشوەختە نیگەرانییەکانمان زیاتر دەکات کە سووریا بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی سەربازی، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی سووریا لە ستەمکارییەکەوە بۆ ستەمکارییەکی تر بگوازرێتەوە."
لەبارەی پەراوێزخستنی پێکهاتەکانیش، ئاماژە بەوە کراوە "ئەو کارانەی تاوەکوو ئێستە دەسەڵاتی شەرع کردوونی، سەلمێنەری دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی پێکهاتەکانە لەو حکوومەتەی بەم دواییە پێکی هێناوە، کە تەنها لە دەستەی تەحریری شامدا سنووردار بووە. تەنانەت بابەتی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیش کە نوێنەری پێکهاتە ڕاستەقینەکانی لێ وەدەر نراون، ئاماژەی مەترسیدارن بۆ قۆناغی داهاتووی سووریا."
بەرەی کوردستانی سووریا، ئاماژەی بەوەش کردووە "پێمان وایە هەر پرۆسەیەکی گواستنەوەی سیاسی لە سووریا دەبێت هەمەلایەنە و بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافی هەموو پێکهاتەکان، و بە شێوەیەک کە بەدیهێنانی دادپەروەری و دیموکراسی مسۆگەر بکات."
بەرەی کوردستانی سووریا، لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا تاوەکوو مافی هەموو پێکهاتەکان لە سووریای نوێدا دەستەبەر بکرێن.