شاندی حکوومەتی هەرێم دەیەوێت لیستی مووچەی مانگی یەک بکاتە بنەما بۆ هەموو مانگەکانی دیکە
ئەو شاندە تەکنیکیەی بەغدا کە ماوەی دوو هەفتەیە لە هەرێمی کوردستانن، چەندان بابەتی جۆراوجۆریان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کردووە، لەوانە خەرجی ساڵی 2024.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، نیان بارزان، یەکێک لە کارەکانی شاندەکەی بەغدا، دەرهێنانی ناوی ئەو فەرمانبەرانە بووە کە مۆڵەتی بێمووچەیان هەبووە، هەروەها ئەوانەی خانەشینی دەیانگرێتەوە و تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵەوەیە.
بڕیارە ئەمشەو شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا بکەن، سبەینێ هەینی لە ماڵی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ دەبنەوە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر ڕەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی 1 دەکەن و بکرێتە بنەمایەکیش بۆ هەر 12 مانگەکەی دیکەی ئەمساڵ، بۆ ئەوەی چی دیکە وەکوو ساڵی ڕابردوو، هەموو مانگێک لیستی مووچە ڕەوانەی بەغدا نەکەن.
پەیامنێری کوردستان24، باسی لەوەش کرد، گفتوگۆ لەسەر مووچەی مانگی 12ش دەکرێت.