فوئاد حوسێن: پێویستمان بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: عێراق پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە بەردەوام و زیادەکانی داعش، دەڵێت: ترسیش هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.
پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، گفتوگۆکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوامن دەربارەی بوونیان لە عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیش لەگەڵیاندا.
وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە، حکوومەتی عێراق هەوڵی گرەنتی دەدات بە ئەمەریکا لەوەی بڕیارەکانی ئەمنی و سەربازیی لەدەستی خۆیدا دەبێت نەوەک گرووپە چەکدارەکان، جەختی لەوەش کردەوە، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان دابنێن.
فوئاد حوسێن لە دیمانە تەلەفزیۆنەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، سەقامگیریی عێراق پێویستی بە دیالۆگی ناوخۆیی هەیە کە سیاسەتی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی نوێ بە هەند وەربگیرێت تێیدا، گوتیشی: گرنگە بە عەقڵانییەت گفتوگۆ بکەین لەو دیالۆگانەی بۆ سەقامگیریی عێراق دەیکەین.
وەزیری دەرەوەی عێراق نەیشاردەوە کە سەقامگیری سووریا کاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر ئاسایشی عێراق هەیە، هۆشداریدا لەوەی 10 هەزار بۆ 12 هەزار چەکداری داعش لە بەندیخانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتن، ئەو چەکدارانەی هەڕەشەی ئەمنی لەسەر عێراق دروست دەکەن ئەگەر لە بارودۆخێکدا ئازاد ببن، بۆیە پێوست بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.