خۆسێ ڕائول: کەناڵی پەنەما موڵکی ئێمەیە و دانوستانی لەبارەوە ناکەین

کەناڵی ئاوی پەنەما
کەناڵی ئاوی پەنەما

سەرۆکی پەنەما ڕایگەیاند: ناتوانم دانوستان بکەم یان دەست بە پرۆسەی دانوستان بکەم سەبارەت بە کەناڵی ئاوی پەنەما، ئەو کارە بە کۆتا هاتووە و کەناڵەکە هی ئێمەیە.

پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025، خۆسێ ڕائول مۆلینۆ، سەرۆکی پەنەما، ڕەتی دەکاتەوە لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کە لەم هەفتەیەدا سەردانی پەنامە دەکات، دانوستان لەبارەی کەناڵی ئاوی وڵاتەکە بکات.

سەرۆکی پەنەما، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ناتوانم دانوستان بکەم یان دەست بە پرۆسەی دانوستان بکەم سەبارەت بە کەناڵی ئاوی پەنەما. ئەمە ڕێککەوتنێکە و یەکلا کراوەتەوە. کەناڵەکە موڵکی پەنەمایە.

ئەم لێدوانەی مۆلینۆ دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنەوەی کەناڵەکەی کرد و بانگەشەی ئەوەشی کرد کە چین بەڕێوەی دەبات.

لە بەرانبەردا حکوومەتی پەنەما بە توندی ئەو تۆمەتەی ڕەتکردووەتەوە و سکاڵای لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کردووە.

هەروەها لە نامەیەکدا، سەرۆکی پەنەما کە بۆ ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردووە ئاماژەی بە مادەیەکی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە هەر ئەندامێک لە "هەڕەشەکردن یان بەکارهێنانی هێز" لە دژی یەکپارچەیی خاک یان سەربەخۆیی سیاسی دەوڵەتێکی دیکە قەدەغە دەکات..

کەناڵی پەنەما لەلایەن ئەمەریکاوە دروستکراوە و لە ساڵی 1914 کرایەوە. هەروەها جیمی کارتەر سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا لە ساڵی 1977 ڕێککەوتنێکی کرد، کە لە ساڵی 1999 بەڕێوەبردنی کەناڵەکە درایە پەنەما.

کەناڵی پەنەما ڕێڕەوێکی ئاوی دەستکردە و درێژییەکەی 82 کیلۆمەترە و زەریای هێمن و ئەتڵەسی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەو گەشتەی کە کەشتییەکان کە لە لۆس ئەنجلسەوە بەرەو نیویۆرک بەڕێدەکەون لە ڕێگەی کەناڵەکەوە دەڕۆن، نزیکەی 8 هەزار میل 22 ڕۆژ کورتترە لە گەشتکردن بە گەرووی ماگێلان لە دەریای تیێرا دێل فێگۆ، کە دوورگەیەکە لە باشووری ئەمەریکای لاتین.