دۆناڵد ترەمپ: دەستمان لە ڕووداوەکانی سووریادا نییە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، باج بەسەر کەنەدا و مەکسیکدا دەسەپێنێت، گوتیشی، ئێمە دەستمان لەو ڕووداوانەدا نییە کە لە سووریا ڕوودەدەن.
ڕۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، لە ئۆفیسی سەرەکی خۆی لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ڕێژەی 25% باجی گومرگی بەسەر کەنەدا و مەکسیکدا دەسەپێنین، گوتیشی، کورتهێنانی بازرگانی زۆر لەگەڵ کەنەدا و مەکسیکدا هەیە و بۆیە باجی گومرگی زیادەیان بەسەردا دەسەپێنین.
دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوەش کرد، پێدەچێت بڕیارێک لەسەر سەپاندنی باج لەسەر نەوتی کەنەدا و مەکسیک بدرێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری قبوڵکردنی فەڵەستینیەکانی غەززە لەلایەن میسر و ئوردن، گوتی "ئەوان ئەو کارە دەکەن".
سەبارەت بە دۆخی سووریا، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئێمە دەستمان لەو ڕووداوانەدا نییە کە لە سووریا ڕوودەدەن"، ئاماژەی بەوەش کرد، "بڕیارێک دەدەین سەبارەت بە هێزە ئەمەریکییەکان لە سووریا، کە لە نێو ئاژاوەدان."