سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ دادگایی دەکرێت

بەهۆی هەڕەشەکردن لە سەرۆکی داواکاری گشتی و ناوزەندکردنی وەک ماشەی دەستی تورکیا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ، بانگهێشتی دادگا کراوە و دەچێتە بەردەم دادوەر.

ئەمڕۆ هەینی، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ، بۆ دادگایی کردن، دەچێتە بەردەم دادوەر، هەروەها سەدان کەسیش بۆ پاڵپشتیکردنی  لەبەردەم دادگا کۆبوونەتەوە.

پەیامنێری کوردستان24، موراد ئاکنجی گوتی: ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ، بۆ دوو دۆسیە دەچێتە بەردەم دادوەر، یەکەمیان: هەڕەشەکردنە لە سەرۆکی داواکاری گشتی ئیستانبوڵ، ئاکن گورلە، کە ئیمامئۆغڵو، لە یەکێک لە وتارەکانیدا،  ڕایگەیاندبوو، سەرۆکی داواکاری گشتی ئیستانبوڵ، فەرمان لە حکوومەت وەردەگرێت و ناوبراوی  وەک ماشەی دەستی حکوومەتی تورکیا ناوزەند کردبوو.

دۆسیەی دووەم پەیوەستەبە تۆمەتبارکردنی پسپۆرێکی یاسایی، کە ئیمامئۆغڵو گوتبوی، ئەو پسپۆڕە یاساییە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە لە تەواوی دۆسیەکانی ئیستانبوڵ و شارەوانییەکانی جەهەپە سەرپشککراوە، هەروەها لە هەموو راپۆرتەکانیشیدا هەڵوێستی خراپی هەبووە.