داوای دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی دیکەی تایبەت بە کۆرۆنا دەکرێت لە سلێمانی
د. ئازاد هەورامی: رۆژانە نەخۆش سەردانمان دەکەن و دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە، بەڵام توانامان نییە وەریانبگرین
K24 - سلێمانی
نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی پڕبوون لە نەخۆش، بۆیە بەرپرسانی تەندروستی داوادەکەن نەخۆشخانەی دیکە تایبەت بکرێن بە تووشبووانی کۆرۆنا.
لە سلێمانی 5 هەزار و 533 کەس تووشی کۆرۆنا بوون لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکە، ئێستاش سێ هەزار و 719 کەسیان ئاکتیڤ کەیسن، واتا ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا چالاکە، ئەو ژمارە زۆری تووشبووش بووەتە هۆی ئەوەی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی شوێنیان نەمێنێت.
د، ئازاد هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ بە کوردستان24ـی راگەیاند "ژمارەی نەخۆشەکان زۆر زۆرە، رۆژانە نەخۆش سەردانمان دەکەن و دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە، بەڵام توانامان نییە وەریانبگرین، بۆیە داواکارین پلانێک دابڕێژن و نەخۆشخانەیەکی دیکە (ـی تایبەت بە کۆرۆنا) بکەنەوە".
ئێستا لە نەخۆشخانەکەی دکتۆر ئازاد لە سەرووی 40 نەخۆشی کۆرۆنا چارەسەر وەردەگرن، نەخۆشەکان ئەوانەن کە نیشانەیان هەیە، بەتەمەنن و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
دکتۆر ئازاد هەورامی دەڵێ "پێموابێت پلان هەیە قاوشی نەخۆشانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ زیاد بکەن، بەڵام بۆ ئێمە هیچ پلانێک نییە، چونکە ئێمە ئیمکانییەتمان هەر ئەوەندەیە".