ڕۆژنامەیەکی ئیتاڵیا: عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 15ـی شوبات پەیامێک بڵاودەکاتەوە

ڕۆژنامەیەکی ئیتاڵیا لە زاری فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕایانگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 15ـی شوبات پەیامێک بڵاودەکاتەوە. 

بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئیل مانیفێستۆی ئیتاڵی، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نوێنەرانی سیاسی ئیتاڵی و فەڕەنسی، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە دوو زانیاریی دڕکاندووە، یەکەمیان پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بووە، کە بە قسەی مەزڵووم عەبدی، لە پەیامەکەدا جگە لە تورکیا باسی ڕۆژئاوای کوردستانیش دەکات و لەوانەیە پەیامەکە لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە 15ـی شوبات بێت، چونکە یادی 26 ساڵەی دەستگیرکرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، زانیارییەکەی دیکە بوونی دانوستان بووە لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا، میدیاکانی تورکیاش چاوەڕێن ئەو پەیامە پەیامی چەک دانانی پەکەکە بێت.  

پێنجشەممە، 23-01-2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەرۆکی دووەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئاشکرا کرد، کە لە دیدارەکەیاندا لەگەڵ ئۆجەلان هەڵسەنگاندنێکی تێروتەسەل بۆ کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی و پارت و لایەنە سیاسییەکان کراوە.

دەم پارتی باسی لەوەش کردووە، ئۆجەلان لەبارەی قۆناغی نوێی ئاشتی کاردەکات و دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان، بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنێن.

دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، وەک دەم پارتی کاردەکەن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنەکان بەردەوام دەبێت، لەگەڵ بوونی پێشهاتی نوێ، ڕای گشتی ئاگادار دەکەنەوە.

دەم پارتی ڕوونیشی کردووەتەوە، قۆناغی ئێستە دەبێتە مایەی ئەوەی هەموو لایەک بە پێکەوەیی و ئازادانە بژین، بۆیە چاوەڕێن تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای تورکیا پاڵپشتیی خۆیان پیشان بدەن.