دەزگای خێرخوازی بارزانی 80 منداڵی ئازیزی شاری سلێمانی دڵخۆش کرد
بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند: چاڵاکییەکیان بۆ 80 منداڵی ئازیزی شاری سلێمانی ڕێکخستووە. گوتیشی، دوو هەزار و 500 منداڵ، لەشاری سلێمانی سوودمەندن لە پڕۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
هەینی، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، سروە ساڵح، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: بە پێویستمان زانی، چالاکیەک بۆ 80 منداڵی ئازیزی شاری سلێمانی ڕێکبخەین و دڵیان خۆشبکەین، گوتیشی، چالاکییەکە لە یانەی ئەسپسواری هەولێر بەڕێوە چووە و دواتر دیاریمان پێشکەش کردن.
سروە ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەمڕۆ لە یەکێک لە مۆڵەکانی هەولێر، جل و بەرگمان بۆ سەرجەم ئەو منداڵانە دابین دەکرێت و دواتر بەیەکەوە خوانێک دەخۆین.
بەرپرسەکەی ئۆفیسی سلێمانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕاشیگەیاند، لە سنووری شاری سلێمانی دوو هەزار و 500 منداڵ لە پڕۆژەی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی سوودمەندن.
چەند منداڵێک، قسەیان بۆ پەیامنێری کوردستان24کرد و دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بۆ ئەم جۆرە چاڵاکییانە و سوپاسی دەزگای خێرخوازیی ئۆفیسی سلێمانیان کرد.