عه‌للاوی پێشنیاز ده‌كات سوپا و پێشمه‌رگه و حه‌شد تێكه‌ڵ بكرێن و راسته‌وخۆ فه‌رمان له مسته‌فا كازمی وه‌ربگرن
عه‌للاوی: كاتی ئه‌وه‌یه چه‌ك له‌ژێر چه‌تری هێزه چه‌كداره‌كان كۆ بكرێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
ئه‌یاد عه‌للاوی، سه‌ركرده‌ی ئیئتیلافی عێراقییه دووپاتی ده‌كاته‌وه، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه چه‌ك له‌ژێر چه‌تری فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق كۆ بكرێته‌وه و هه‌ژموونی ده‌وڵه‌ت بۆ عێراق بگه‌ڕێندرێته‌وه.
له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، ئه‌یاد عه‌للاوی نووسیویه‌تی: "ئه‌گه‌ر پێشنیازه‌كه‌مان به‌هه‌ند وه‌ربگیرابایه و فه‌رمانده‌یه‌كی گشتی بۆ هێزه چه‌كداره‌كان پێكبهێندرابایه، كه راسته‌وخۆ سه‌ر به فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان بایه و هه‌ریه‌ك له هێزه‌كانی سوپا، پێشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبی له‌خۆ بگرتایه، ئه‌وا زۆرێك له گرژییه‌كان روویان نه‌ده‌دا و ئه‌و كیشانه‌ی ئێستا له ئارادان، بوونیان نه‌ده‌بوو".
جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، "ئێستاش ده‌رفه‌تێكی باشه كه چه‌ك له له چوارچێوه‌ی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق بخرێته‌وه ژێر ده‌ستی ده‌وڵه‌ت و هه‌ژموون و هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت بۆ عێراق بگه‌ڕێندرێته‌وه و پارێزگاری له سیسته‌می ده‌وڵه‌تداری بكرێت".
پێشتریش چه‌ندین جار هاوپه‌یمانان گله‌یی ئه‌وه‌یان له حكومه‌تی عێراق كردووه، كه نابێت ئه‌و چه‌كه‌ی وه‌ك هاوكاری بۆ شه‌ڕی دژی تیرۆر پیشكه‌ش به عێراق ده‌كرێت، بدرێته ده‌ست گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، به‌تایبه‌ت كه به‌شێك له‌و گروپانه ملكه‌چی فه‌رمانه‌كانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان نابن و ده‌گوترێت، به فه‌رمانی چه‌ند لایه‌نێكی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌جووڵێنه‌وه.
H.B
