نەخۆشیەکی ڤایرۆسی لە نێو کێڵگە پەلەوەرییەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین بڵاو بووەتەوە

بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی لە ناو کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، خەریکە بەشێک لە خاوەن پرۆژە پەلەوەرییەکان مایەپووچ دەکات، ئەو مریشکانەی دووچاری نەخۆشییەکە دەبنەوە، ملیان خوار دەبێتەوە و ناتوانن خواردن بخۆن، بەوهۆیەشەوە کێشیان زیاد ناکات.

خاوەن کێلگە پەلەوەرییەکان دەڵێن، نەخۆشیەکە 'نیوکاسل'ـە، کە نەخۆشیەکی ڤایرۆسی باوە و توانای بڵاوبوونەوەی زۆر خێرایە و دەبێتە هۆی مردنی پەلەوەرەکان.

فەرحان ئیسماعیل، خاوەنی کێڵگەی پەلەوەرە و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "کێلگە هەیە 40 هەزار مریشکی تێدابووە، تەنیا پێنج هەزاری ماوە"، گوتیشی: ئەوانەی کێلگەی پەلەوەریان هەیە زیانی زۆریان کردووە."

ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو مریشکانەی نەخۆشیەکە بە توندی دەگرن، ڕاستەوخۆ دەمرن، ئەوانەشی کە ماون تووشی ملخواری دەبن و خواردن ناخۆن و وردە وردە دەپوکێتەوە."

سۆما حاتەم، پزیشکی ڤێرتێرنەری گوتیشی: "ئێستا پلەی گەرما بەرزی و نزمی دەکات، هەروەها نەخۆشییەکانی نیوکاسڵ و ئەنفلەوەنزاش هەیە، جا دەکرێ ئەو نەخۆشیانە لە کێڵگەیەک هەبێت، بۆیە هەر کەسێک بەبێ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان، لەو کێڵگەیەوە بچێتە کێڵگەیەکی دیکە کە نەخۆشیەکەی تێدانییە، ئەوە ڤایرۆسکە زۆر بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە."