مامۆستا جەعفەر: داهاتمان 100 ئەوەندەش بێ، بۆ بەغدا بڕوات هیچمان دەستناکەوێت
"گەورەترین هەڵەی ئێمە ئەوەیە تەنیا پشتمان بە نەوت بەستووە"
K24 - هەولێر
ئەندامێکی پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێ "هەرکەسێک دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت، هەڵەیەکی زۆر گەورە دەکات... هەرێمی کوردستان ئەگەر داهاتەکەی 100 ئەوەندەی ئێستاش بێت، بچێت بۆ بەغدا هیچی دەستناکەوێت".
مامۆستا جەعفەر، ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمشەو (27-6-2020) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند "راستییەکی حاشالێنەکراوە هەرێمی کوردستان خزمەتێکی زۆر گەورەی کردووە، لەگەڵ هەموو کەموکوڕییەکانیش کە هەبوون، بەڵام خزمەتی گەورەش کراوە".
کورد، لە هەندێک قۆناغی مێژوودا دەوڵەتی هەبووە، مامۆستا جەعفەر دەڵێ "ئەوکاتەی کورد خۆی خاوەن دەوڵەت بووە بۆ نموونە دەوڵەتی دۆسکی، کە نزیکەی هەزار ساڵ پێش ئێستایە، دواتر سەلجووقییەکان داگیریان کرد، خەڵکەکە گوتوویانە ژیانی ئێمە لەگەڵ ئەوسا یەک بۆ 100ـە و ئێستا رەوشمان زۆر زۆر خراپە. خەڵک هەروەها زۆر بە شانازییەوە باسی کۆماری کوردستان دەکەن، بۆیە هەرکەسێک قسەی وا بکات، (باسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکات) دواتر هەست دەکات هەڵەیەکی زۆر گەورەی کردووە".
سەرەڕای باشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستا جەعفەر گلەییشی هەیە، دەڵێ "حکومەت دەیتوانی لە 28 ساڵی رابردوودا کۆمەڵێک بڕیاری ئیداریی باشتر بدات لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاو، سیاسەت و لە کۆمەڵێک شتدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام ئەوەی کە پێی دەڵێن ئیدارە هەندێک کێشەی هەبووە، بۆ نموونە ملیۆنێک و 300 هەزار مووچەخۆر بۆ هەرێمی کوردستان زۆر زۆرە. دەمانتوانی لەم وڵاتەدا بەبێ نەوت مووچەی خەڵک بدەین و ژیانێکی خۆشیش بەسەر ببەین. بە تەنیا نەوت مووچەی خەڵک نادرێت... گەورەترین هەڵەی ئێمە ئەوەیە تەنیا پشتمان بە نەوت بەستووە".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا مامۆستا جەعفەر جیاوازییەکی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچە جیاوازەکانی عێراق دەخاتە روو و، دەڵێ "ماوەیەک لەمەوبەر خزمێکم چووبووە بەغدا و بەعقووبە و بەسرە و ئەو ناوچانە و لەوێ کارێکی هەبوو، کە گەڕاوەتەوە و گەیشتووەتە کەلار مارکێتێکی بینیوە، گوتوویەتی ئێرە نیویۆرکە، شیکاگۆیە یان کوێیە، واتا جیاوازییەکە ئەوەندە زۆرە، لەوێ زبڵ تاوەکو ئەژنۆ دێت و ناتوانی هەناسە بدەی، رەوشی بەسرە ئەوەندە خراپە خەڵک بەردەوام دەناڵێنن".
لەبارەی رادەستکردنی هەموو داهاتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا بۆ دابینکردنی مووچە، مامۆستا جەعفەر جەخت دەکاتەوە لەوەی "پێشتر ئێمە وامان کردووە، هەموو داهاتی کوردستان رادەستی بەغدا کراوە لە ساڵی 1920ـەوە تاوەکو 1991، بەڵام بەغدا چی کرد؟ بە چەکی کیمیایی لێیداین، ئەنفالی کردین، بە فڕۆکە بۆردوومانی کردووین و وڵاتەکەی وێران کردووین و پارەکەی لە تانک و چەک خەرج کرد، ئەگەر کۆمەڵێک بەنداو و پرۆژەی دروستکردبا وڵاتەکەمان پێش دەکەوت، داهاتی ئێرە 100 ئەوەندەش بێت، بڕوات بۆ بەغدا هەرێمی کوردستان هیچی دەستناکەوێت".
هـ.ر.