پێنتاگۆن هەزار سەربازی بۆ ڕێگریی لە هاتنی کۆچبەران ئامادە دەکات

پێنتاگۆن هەزار سەربازی بۆ ڕێگریی لە هاتنی کۆچبەران ئامادە دەکات.

کاربەدەستانی ئەمەریکا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە "پێنتاگۆن ئامادەکاریی دەکات بۆ جێگیرکردنی هەزار سەربازی دیکە بۆ ڕاگرتنی کۆچبەری نایاسایی لەو دیو سنوورەکانی ئەمەریکا لەگەڵ مەکسیک."

دەشڵێن: نزیکەی 500 سەربازی لە یەکەیەکی فۆرت درام لە نیویۆرک، دەنێردرێت بۆ سنووری باشووری ڕۆژئاوا و نزیکەی 500 سەربازی هێزی دەریاییش دەچنە کەنداوی گوانتانامۆ لە کوبا.

ئەو بەرپرسانە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، دەڵێن: گفتوگۆکان بەردەوامن سەبارەت بە جێگیرکردنی سەربازەکان، لەوانەیە لە داهاتوودا ژمارەی سەربازەکان زیاد بکەن.

هەروەها پێنتاگۆن لە هەوڵدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو فەرمانەی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، دوای دەستبەکاربوونی لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕایگەیاندبوو.

ئەم هەوڵانە بە ئامانجی جێبەجێکردنی پلانەکانی ترەمپە بۆ داخستنی سنوورەکان و گەڕاندنەوەی کۆچبەرە دەستبەسەرکراوەکان بۆ وڵاتانی خۆیان.