کۆبوونەوەی شاندی دارایی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە

شاندی تەکنیکی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق
شاندی تەکنیکی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق

کۆبوونەوەی تیمە تەکنیکییەکانی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە دوێنێوە دەستییان پێکرد و ئەمڕۆش بەدرێژایی زیاتر لە 10 کاتژمێر گفتوگۆیان لەبارەی خاڵە ناکۆکەکان کرد، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا زانیارییەکان لەبارەی خاڵە ناکۆکەکان ئاشکرا دەکات.

شەممە 1ـی شوباتی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاشکرای کرد، زیاتر لە 10 کاتژمێرە تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە کۆبوونەوەدان، بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکیش بۆ کوردستان24، کۆبوونەوەکان ئەمشەو درێژەیان دەبێت و ڕەنگە بگاتە سبەینێش، ئەگەر تاکوو شەویش ئەو دوو شاندە  گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەتایبەت لەسەر لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سبەی یەکشەممە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئیمزا لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و تەمویلی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

دیلان بارزان دەڵێت: کێشەی نێوان تیمی تەکنیکی وەزارەتەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم  لەسەر لیستی خانەنشینیە، ئەوەی هەرێمی کوردستان داوای دەکات  ئەوەیە، لە 1ـی تەمووزەوە یاسای خانەنشینی یەکگرتوویان کە جێبەجێ کردووە، وەزارەتی دارایی عێراق مووچە و شایستەکانی خانەنشینان بنێرن، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەڵێت: لە 1ـی کانوونی دووەمی 2025ـەوە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو جێبەجێ دەکات ئەو فەرمانبەرانەی لە 1ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە خانەنشین بوونە، شایستە داراییەکانیان خەرج دەکرێت.

پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت: بڕیاری دادگای فیدراڵی پێشووتر لە ساڵی 2022 هەیە بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان، بۆیە بابەتی خانەنشینی و کەسوکاری خانەنشینان و مووچەکانیان لەگەڵ ئەو ئیمتیازاتانەی کە پێویستە خانەنشینێک لە هەرێمی کوردستان وەکو عێراق مووچە و ئیمتیازات وەرگرێت، بەتایبەت دەربارەی ئەو 12 مووچەیەی کۆتایی ساڵ کە هەر فەرمانبەرێک 25 ساڵ خزمەتی هەبێت، پێویستە کە خانەشین دەبێت، 12 مووچەی کۆتایی ساڵ وەرگرێت، ئەو پرسە تا ئێستا لەنێوان تیمی تەکنیکی وەزارەتەکانی دارایی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ ناکۆکی لەسەرە و نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام  لەسەر لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تا ڕاددەیەک گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی مانگی یەک بکرێت بە پێوەر بۆ  11 مانگی داهاتووش، بەڵام شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەر کۆی پرسەکان ڕێککەوتنی کۆتایی بکات، دەشڵێت: وەزارەتی دارایی هەرێم دەیەوێت کێشەی لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ 12 مانگی ساڵی 2025، هەروەها لیستی خانەنشینی یەکلا بکرێتەوە کە لە مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردووەوە هەرێمی کوردستان یاسای خانەنشینی یەکگرتووی جێبەجێ کردووە، ئەو بڕە پارەشی کە هاوتا کراوە بۆ خانەنشینان، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە داهاتی ناوخۆ داومانە بە خانەنشینان، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەڵێت: من لە 1ـی کانوونی دووەمی 2025ـەوە یاسای خانەشنی یەکگرتوو پەسەند دەکەم، بۆیە ئەمە تا ڕاددەیەک کێشە و گرفتی دروستکردووە.