سیسی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەی ئاشتیی ناوچەکە پشت بە تواناکانی ترەمپ دەبەستێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر

هەردوو سەرۆکی میسر و ئەەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەنییەکان و هەماهەنگی نێوانیان کردەوە، هەروەها هەردوولا بانگهێشتنامەیان ئاراستەی یەکتر کرد.

1ـی شوباتی 2025، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و تاوتوێی بارودۆخی ناوچەکەیان کرد.

بە پێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سیسی، سەرۆکی میسر دەڵێت: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشت بە تواناکانی ترەمپ دەبەستێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی و مێژوویی کە کۆتایی بە ململانێە بەردەوامەکانی ناوچەکە بهێنێت.

سەرۆکی میسر، جەختی لە پێویستی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی کردووەتەوە کە ببێتە هۆی چارەسەری هەمیشەیی لە ناوچەکەدا. هاوکات، بانگهێشتنامەیەکیشی ئاراستەی ترەمپ کرد بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی میسر بکات.

لای خۆیەوە ترەمپ بانگهێشتنامەکەی سیسی قبوڵ کرد و ئەویش بانگهێشتنامەیەکی ئاراستە کرد بۆ ئەوەی سەردانی ئەمەریکا بکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی میسر ئاماژە بەوە کراوە، هەردوو سەرۆک کۆک بوون لەسەر گرنگی بەردەوامی پەیوەندییەکانیان و، هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوو وڵات لەسەر بابەتەکانی بەرژەوەندیی هاوبەش.