بۆچی وەرزشوانانی کوردستان بە کۆچی دوایی ئەحمەد رازی دڵتەنگ بوون؟
نووسینی: ئیبراهیم قادر
چەند رۆژێکە ئەحمەد رازی ئەفسانەی تۆپی پێی عێراقی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەست داوە، کە چەندین ساڵ خزمەتی تۆپی پێی عیراقی کرد، چەندین نازاناوی گرینگی بەدەست هێنا لەسەر ئاستی ناوەخۆ و جیهانی، رۆلێکی گرینگی هەبوو لە گەیشتنی هەلبژاردی عێراق بۆ مۆندیالی 1986 هەروەها توانی تاکە گۆلێک لە مۆندیال تۆمار بکات بەرامبەر هەلبژاردی بەلجیکا، جگە لەوەش لەگەڵ یانەی زەورا چەندان نازناوی بەدەست هێناوە هەر بۆیە یانەی زەورا دوای گیان لەدەست دانی درێسی ژمارە 8ی بەیەکجاری لە یانەکەی وەک وەفایەک لە یانەکەی لادا و بەهیچ یاریزانێکی نادات، هەروەها پەیجی فەرمی فیفا لە تویتەر رایگەیاندوە کە ئەمرۆ تۆپی پێ ئەفسانەیەکی لەدەست دا جگە لە یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا و عەرەبی بەیاننامەی فەرمیان بڵاوکردەوە و هاوخەمی خۆیان دەربری.
بەرەبەیانی رۆژی یەك شەمە 21/6/2020 لە نەخۆشخانەیەکی بەغداد دڵە گەورەکەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلێدان دەکەوێت و گیانی لەدەست دەدات و هەواڵی کۆچی دوایی ئەفسانەکەی عێراق بڵاو دەبێتەوە و راگەیاندنەکان و سۆشیال میدیا و شەقامی عێراق و راگەیاندنەکانی جیهانی دەبێت بابەتێکی گرینگ هەموو گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانەوە هاوخەمی خۆیان بۆی دەربری، تەنانەت لە کوردستان هەندێك کەس وێنەی پرفایلەکانی خۆیان کرد بە وێنەی ئەحمەد رازی هەندێك وایان هەست دەکرد کە کەسێکی ئازیزیان لەدەست داوە، ئەوە بۆ خواری عێراقیش هەروا بوو بەجۆرێك هەندێک لە هەوادارانی رازی وێنە و ڤدیۆ کۆنەکانیان یان پۆست دەکرد رەنگە زۆرێك یاریی ئەو ئەفسانەیان هەر نەبینێت بەڵام بەهۆی کەسایەتی و ناوبانگی و مێژووی یاری کردنی هەوادارێکی زۆری ئەو نەوەیەی بۆ خۆی راکێشابوو.
بەشێك لە بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا گیان لەدەست دانی ئەفسانەکەی عێراقیان بە گومانەوە لێکدایەوە، تاکو کار گەیشتە ئەوەی خەڵکی خۆپیشاندان دژی وەزیری تەندروستی عێراق بکەن، کە پێشتر رازی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی رایگەیاندبوو ئەو کێشەی هەوکردنی هەناسەکانی هەیە.
هەر لەبەر ئەمەش بوو بەرێوەبەری نەخۆشخانەکە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی ئەفسانەکە بەهۆی چوونی بۆ توالێتئامیری هەناسەدانی دەستکردی لاداوە و بەربۆتەوە گیانی لەدەست داوە، بەڵام ئەحمەد رازای هیچ کێشەیەکی سیاسی و تایبەتی نەبوو تەنانەت کاتێک ئەندام پەرلەمان بوو هەمیشە خزمەتی گەلی عێراقی کردووە بەهەموو پێکهاتەکانی، وە زۆر ئاگاداری کەسایەتی خۆی بوو.
دەیان پۆستی باڵای پێشکەش کراوە، بەڵام ئەو رەتی کردۆتەوە ئەو عاشقی پۆست نەبوو، وەهیچ کێشەیەکی تایبەتی و سیاسی لەگەڵ هیچ کەس نەبوو بۆیە راگەیاندنەکانی عێراق و شەقامی بەغداد زۆر ئەو لێکدانەوەیان بۆ نەکرد.
لەگەڵ گیان لەدەست دانی ئەفسانەکەی عێراق ئەو هاوخەمییە زۆرە ئەوەمان بۆ رووندەکاتەوە کە هەمیشە کەسایەتییە وەرزشییەکان خۆشەویستترن لە کەسایەتییەکانی دیکەی سیاسی وهونەری، چونکە نمونە زۆرن چ لە عێراق یان لە کوردستان، چەندان کەسایەتی سیاسی گیانی لەدەست داوە ئایا وەک ئەحمەد رازی خەڵکی هاوخەمی خۆیان بۆ دەربریوە، جگە لە لایەنگیرانی خۆی ئایا چەند کەسایەتی تری عێراقی وایان بۆ کرا؟
پرسیارەکە ئەوەیە کە هەمیشە کەسایەتییە وەرزشییەکان خۆشەویستن لەناو خەڵکی ئایا ئێمەش خاوەن دەیان و سەدان کەسایەتی گرینگی وەرزشین لەسەر ئاستی عێراق و کوردستا؟ ئایا ئەو پرسیارەیان لەلا دروستبوو ئەگەر کۆچی دوایی بکەن دەبێت خەڵکی کوردستان و عێرق ئاوا بە پەرۆشەوە هاوخەمی خۆیان بۆ دەربرن؟ بۆیە زۆر گرینگە کەسایەتییە وەرزشییەکانی کوردستان ئاگاداری کەسایەتی خۆیان بن و خزمەتی وەرزشی کوردستان بکەن، ئامانجیان خزمەت کردن بێت نەك پۆست و کورسی، پێویستە سیاسییەکانی خۆشمان ئاورێکی جدی لە کەسایەتییە وەرزشییەکان و یاریزانەکان بدەنەوە، گیان لەدەست دانی رازی بە نموونە وەرگرن، بۆچی گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەنی هاوخەمی خۆیان بۆ دەربری هەر هیچ نەبێت بتوانین لە ئێستاوە پلان دانێین دەیان ئەحمەد رازی لە کوردستان دروست بکەین بۆ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان هەموو جیهان هاوخەمی خۆی بۆدەربرێت بۆ ئەو خزمەتەی کردوویەتی، چونکە وەرزش پەیامی خۆشەویستی و پێکەوەژیانە گۆێ بەهیچ ئاین و مەزهەب و نەتەوەیەک نادات مردنی ئەحمەد رازی بەنموونە.