ناتانیاهۆ: قۆناغی دووەمی دانوستانەکانی ئاگربەست سبەینێ دووشەممە دەست پێ دەکات

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە سبەی دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، دەست پێ کردنی دانوستانەکانی قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە واشتن دەست پێ دەکات.

نووسینگەی نەتانیاهۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، سەرۆکوەزیران لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەی کردووە.

 هەردووکیان ڕێککەوتوون دانوستانەکان لەسەر قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی بارمتەکان سبەینێ، دووشەممە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دەست پێ بکات .

 لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ویتکۆڤ، دواتر لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەر و بەرپرسانی میسر قسە دەکات.

دانوستانەکانی قۆناغی دووەم تایبەتە بە بەردەوامیی ئاگربەست و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە هەموو غەززە، واتە کۆتاییهێنان بە شەڕ.

بڕیارە یەکشەممە، 3ـی شوباتی 2025، ناتانیاهۆ بەرەو ئەمەریکا بڕوات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆ ببێتەوە.