سوپای ئیسرائیل لە بەشێکی خاکی سووریا کشایەوە

پارێزگای قونەیتەرە
پارێزگای قونەیتەرە

میدیاکانی سووریا بڵاویان کردەوە، سوپای ئیسرائیل لە هەندێک ناوچەی سووریا کشاوەتەوە، کە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەستی بەسەردا گرتبوو.

سەرچاوەکان ئاماژەیان داوە، سوپای ئیسرائیل لە هەندێک خاڵی سەربازیی لە پارێزگای قونەیتەرە و دەورووبەری کشاوەتەوە. 

سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، سوپای ئیسرائیل باڵەخانەکانی پارێزگا و دادگای پارێزگای قونەیتەرەیان چۆڵ کردووە، هەروەها لە بەشێکی بەنداوی ئەلمەنزەرەی دەورووبەری باکووری پارێزگاکاش کشاوەتەوە. 

ئیدارەی نوێی حکوومەتی سووریا، پێشتر داوای لە سووپای ئیسرائیل کردبوو، دەستبەجێ ئەو شوێنانەی لە باشووری وڵاتەکە دەستی بەسەردا گرتووە، بکشێتەوە.

دوای ئەوەی لە 8ـی کانوونی دووەمی 2024، ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووخا و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە دەستی بەسەر دیمەشقدا گرت، ئیسرائیل جگە لە جۆلان، دەستی بەسەر چەندین ناوچەی سووریادا گرت و بە قووڵایی زیاتر لە 300 کیلۆمەتر هاتە ناو خاکی ئەو وڵاتە.