بڕیارە بەغدا بۆ هەر مانگێک 950 ملیار دینار بنێرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، بەپیی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، بەشێکی زۆری کارە تەکنیکییەکانی هەردوو شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق تەواو بوونە، ئەوەی ماوەتەوە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی فراوانی وەزارەتی داراییە، بە سەرپەرشتیی هەردوو وەزیری دارایی ئاوات شێخ جەناب و تەیف سامی.

دەشڵێت: بۆ ناردنی مووچەش دوو ئەگەر هەیە، یەکیان ئەو ڕاسپاردانەی لە کۆبوونەوەکەدا پەسەند کراون دراوە بە تەیف سامی، کە ڕاستەوخۆ دەیداتە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەویش بە پێی ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی ئیمزا لەسەر خەرج کردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە بڕکەی 950 ملیار دینارە، دووەم یاخود ئەم بابەتە دەهێڵێتەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێ دەنگی لەسەر دەدرێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان، کاروبارە داراییەکان لەسەر پرسی مووچە و خانەنشینی تەواو کراون. بە گوتەی یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە ڕایگەیاندووە، کۆبوونەوەکان زۆر باش و ئەرێنی بووە، لە ماوەکانی ڕابردوودا هیچ کۆبوونەوەیەکمان هێندەی ئەم کۆبوونەوە ئەرێنی و باش نەبووە. لەسەر پرسی مووچە و بە ئەلیکترۆنیکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لەسەر لیستی خانەنشین هەرێمی کوردستانیش کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناکۆکی لەسەر هەبوو، لێکگەیشتنی باش هەبووە.

هەروەها لە دوای چەند کاتژمێرێکی دیکە ئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕوون دەبێتەوە، ئەو شاندە باڵایەی هەرێم و عێراق بەکوێ گەیشتووە و کەی ئیمزا لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت، بەڵام ئەم  ڕێککەوتنەی کە کراوە بۆمووچەی 12 مانگی ئەم ساڵە. هەر مانگێک 950 ملیار دینار تەرخان کراوە، تاوەکو ئەو کاتەی لیستی ناوی 30 هەزار خانەنشینی بۆ زیاد دەبێت.  

 

 
 
 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment