چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کات تەموویلی مووچە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی
وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایدەگەیەنێت: تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2025ـن.
دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای کردووە، دوای 15 ڕۆژ لە کاری بەردەوامی شاندە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی.
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد کە هاوکار و پشتیوان بوون بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بوودجە بەتایبەت بڕگەی تایبەت بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دارایی ئاشکرای دەکات، تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2025ـن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: بەگەیشتنی تەمویلەکە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان لەتەواوی کۆبونەوەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر شانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردوو لەبواری لیستی مووچەو خشتەکان و تەمویل وتەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیداو بەبێ کێشە مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.