دۆناڵد ترەمپ: ڕووبەری ئیسرائیل زۆر بچووکە سەرسوڕهێنەرە ئەوان توانیویانە ئەو شتانە بەدەست بهێنن

دۆناڵد ترەمپ، بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جارێکی دیکە باسی بچووکیی ڕووبەری ئیسرائیلی کردەوە.

سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکی کۆشکی سپی دایەوە، کاتێک پەیامنێرەکە پرسیاری کرد ئایا پشتگیریی لە لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکات یان نا؟ گوتی: من باسی ئەوە ناکەم، بەڵام ڕووبەری ئیسرائیل زۆر بچووکە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا "ئیسرائیل وڵاتێکی زۆر بچووکە، مێزەکەم وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایە ئەم قەڵەمەی لە دەستمدا دەیبینیت زۆر جوانە، ئیسرائیل وەک نووکی ئەم قەڵەمە وایە کەئەمەش باش نییە! من ئەمەم وەک لێکچونێک بەکارهێنا و لێکچونێکی زۆر وردە، لە ڕاستیدا وڵاتێکی زۆر بچووکە. هەروەها سەرسوڕهێنەرە کە ئەوان توانیویانە ئەو شتانە بەدەست بهێنن کە بەدەستیان هێناوە، بەڕاستی ڕووبەرێکی زۆر بچووکە."

سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی گوت: من هیچ گرەنتییەکم نییە کە ئاشتی بەردەوام بێت. هەروەها ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتی: ئاگربەستەکە تا ڕادەیەک بەردەوامە بۆیە ئێمە هیوادارین بارمتەکان ئازاد بکەین و بگەینە چارەسەرێکی ئاشتیانە.

شەوی ڕابردوو، میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ماوەی سەردانەکەی لە واشنتن درێژ دەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکی غەززەیە. 

چەند مانگێک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکیدا گوتی: ڕووبەری ئیسرائیل لەسەر نەخشە بچووکە، بۆیە هەمیشە بیرم لەوە کردووەتەوە کە چۆن ڕووبەری ئیسرائیل فراوان دەکرێت.