هەولێر.. بۆ یەکەمجارە ناوەندێکی چاندنەوەی مۆخی ئێسک دادەمەزرێت

بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر، ڕایگەیاند: 28% تووشبوانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی دانیشتووی دەرەوەی شاری هەولێرن؛ بەم زووانەش ناوەندێکی چاندنەوەی مۆخی ئێسک لە نەخۆشخانەنی نانەکەلی دادەمەزرێت.

سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، دلۆڤان محەمەد ، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر لە ڕۆژی جیهانی شێرپەنجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: ساڵانە لەلایەن سندووقی کۆمەک بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە زیاتر لە 50 ملیار دینار  بۆ پێداویستییەکانی تووشبووانی شێرپەنجە خەرج دەکرێت.

بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر، گوتیشی: خوداپێداوان هاوکارێکی سەرەکیی ئێمەن لە کڕینی دەرمان و دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی نانەکەلی  28% تووشبوانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی، دانیشتووی دەرەوەی شاری هەولێرن.

دلۆڤان محەمەد، باسی لەوەش کرد "لە داهاتوویەکی نزیکدا، ناوەندێکی گەورەی پێشکەوتوو، لەنێو نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ چاندنەوەی مۆخی ئێسک، لەلایەن ئەحمەد ئیسماعیل نانەکەلی، بە تێچووی شەش ملیۆن دۆلار دادەمەزرێت، بە تەواوبوونی ئەو ناوەندە، چیتر پێویست ناکات تووشبووان بە مەبەستی چارەکردن بچنە دەرەوەی وڵات."