وەزیرێکی سەردەمی بەشار ئەسەد خۆی ڕادەست کرد

وەزیری پێشووی ناوخۆی سووریا خۆی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا کرد.
لیوا محەممەد ئیبراهیم شەعار، کە وەزیری ناوخۆی ڕژێمی بەشار ئەسەد بوو، ئەمڕۆ سێشەممە، 04-02-2025، خۆی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا کرد.
وێنەی لیوا محەممەد ئیبراهیم لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا، دوای خۆی ڕادەستکردنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە و خەڵکی سووریای دڵخۆش کردووە و داوا دەکەن دادگایی بکرێت و بگاتە سزای یاسایی خۆی.
ئەمە دەبێتە یەکەم وەزیری سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بە شێوەیەکی فەرمی خۆی ڕادەستی دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکات.
لیوا محەممەد ئیبراهیم، زیاتر لە 15 ساڵ وەزیری ناوخۆی سووریا بووە و پێش ئەوەی ببێتە وەزیریش، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی سووریا بووە. پێشتریش لە دەزگای هەواڵگیریی کاری کردووە و چەند ساڵێک لە لوبنان بووە.