جێگری وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان هەڵات

بەرپرسێکی گەورەی تاڵیبان پاش ئەوەی ڕەخنەی لە ڕێگریی لە خوێندنی کچان لە قۆناغەکانی دواناوەندیی و باڵا گرت، بەرەو وڵاتی ئیمارات هەڵات.

سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، ڕۆژنامەی (زە گاردیان) بڵاوی کردووەتەوە، جێگری وەزیری دەرەوەی حکوومەتی تاڵیبان، محەممەد عەباس ستانیکزای، پاش ئەوەی ڕەخنەی لە ڕێگریی لە خوێندنی کچان لە قۆناغەکانی دواناوەندیی و باڵا گرت، خۆی گەیاندە ئیمارات.

وا دیارە ستانیکزای لەبەر ئەو ڕەخنەگرتنەی ناچار کرابێت وڵاتەکەی بەجێ بهێڵێت.

ڕۆژی 20ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، محەممەد عەباس ستانیکزای، لە ئاهەنگی دەرچووانی قوتابیان لە هەرێمی خوست، نزیک سنووری نێوان ئەفغانستان و پاکستان، دوای کرد حکوومەت ڕێگەی کچانی ئەفغان بدات لە قۆناغەکانی دواناوەندی و باڵا بخوێنن.

ئەو لە وتارەکەیدا گوتبووی: ڕێگریی لە خوێندنی کچان، نە لە ئێستە و نە لە داهاتوودا هیچ مانایەکی نییە. ئێمە بەو ڕێگرتنە، مافی 20 ملیۆن کەس پێشل دەکەین. لە سەردەمی پێغەمبەریشدا ئەم ڕێگرییە نەبووە. 

پاش ئەم وتارە و بڵاوبوونەوەی چەند ڕاپۆرتێکی ڕەخنەیی سەبارەت بە قسەکانی ستانیکزای، ڕێبەری باڵای ئەفغان، هەیبەتوڵلا ئاخوندزادە، فەرمانی دەستگیرکردنی دا و ئەویش ناچار بوو ئەفغانستان بەجێ بهێڵێت.

ستانیکزای، بە میدیا خۆجییەکانی ئەماراتی گوتووە کە ئەو بە مەبەستی چارەکردنی پزیشکی هاتووەتە ئەمارات. 

لەوەتەی تاڵیبان لەساڵی 2021 حوکمی ئەفغانستان دەکات، مافەکانی ئافرەتان لە خوێندن و کار و دەرکەوتن لە شوێنە گشتییەکان و گەشتکردن، بە ڕادەیەکی بەرچاو کەم کراونەتەوە.