بەڤیدیۆ.. پەیامنێرێکی CNN لە پەخشی راستەوخۆدا دزی لێدەکرێت


K24 - هەولێر

پەیامنێرێکی کەناڵی سی ئێن ئێنی بەرازیل، خەریکی راستەوخۆیەک بوو لەبارەی بارانبارین، کاتێک لەپێش کامێرا و لەژێر هەڕەشەی چەقۆ، دزی لێکرا.

رووداوەکە رۆژی شەممەی رابردوو لەسەر شەقامێکی شاری ساوپاولۆ روویداوە، پەیامنێرەکە ناوی بروونا ماسیدۆیە و تەمەنی 27 ساڵە، خەریکی قسەکردن بوو لەبارەی بارانبارینی شەوی پێشتر کاتێک دزەکە بە چەقۆیەکەوە لێی نزیک بووەوە.

ڤیدیۆی ساتی دزییەکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەڕازیلی تەنیوە، تێیدا پیاوێک دەردەکەوێت کە کڵاوێکی لەسەرە و چەقۆی بەدەستەوەیە و داوای مۆبایلەکەی لێدەکات. کاتێک پەیامنێرەکە مۆبایلەکەی پێدەدات، دزەکە پێی گوتووە مۆبایلەکەی دیکەشتم دەوێت، پەیامنێرەکە دواتر دەڵێ "سەیرم بە قسەکەی هات، چونکە مۆبایلەکەی دیکەم لەنێو گیرفانمدا بوو و دیار نەبوو".

دزەکە هێشتا دەستگیرنەکراوە و پۆلیس پێی وایە پێشینەی هەیە، چونکە داوای مۆبایلی دووەمی لە پەیامنێرەکە کردووە "واتا شارەزایە".

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، ئەو بێژەرەی قسە لەگەڵ پەیامنێرەکە دەکات، تاوەکو راستەوخۆکە تەواو دەبێت، هەست بەوە ناکات پەیامنێرەکە لە پەخشی راستەوخۆوە لەژێر هەڕەشەی چەقۆ، دزی لێدەکرێت.